بەرهەمی نوسراو

ئەو کردەوانە چین لەشەوی قەدر ئەنجام دەدرێن؟

بەگشتی تەمەنی ئوممەتی ئیسلامی کورتە، وەک پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرمووی: تەمەنی ئوممەتی من لە نێوان (٦٠ تا ٧٠) ساڵیدایە، بەڵام هەندێک کات و سات هەیە کەوا قەرەبووی تەمەن کورتی ئەم ئوممەتەی کردوەتەوە، شەوی قەدر یەکێکە لەو کاتانە کەوا خوای گەورە قەرەبووی تەمەن کورتی ئەم ئوممەتەی تێدا کردوەتەوە، خوای گەورە دەفەرمووێت: [لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ] (القدر: ٣) واتە: (شەوی قەدر پاداشتی هەزار مانگی هەیە)، واتە بەتەنها عیبادەتکردن لەشەوی قەدر، پاداشتی عیبادەتی هەزار مانگی هەیە کە دەکاتە (٨٣.٣) ساڵ، کەواتە بەئەنجامدانی عیبادەتی تەنها یەک شەو خێر و پاداشتی هەزار مانگمان دەست دەکەوێت، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەگەر ئەمشەوە ئاوا پیرۆزە و پاداشتەی هەیە چ کردەوەیەک بکەین باشە لەو شەوەدا؟

بەشێوەیەکی گشتی هەر کردەوەیەکی چاک بکرێت مەشروعە و ڕێگە پێدراوە، هەندێک لەو کردەوە باشانەی کەوا لەم دە شەوە ئەنجام بدرێت بریتین لە:
یەکەم: قورئان خوێندن: یەکێک لە گەورەترین ئەو کارانەی کەوا شایستەیە ئینسانی موسڵمان پێوەی سەرقاڵ بێت، لەڕەمەزاندا وە بەتایبەتیش لەشەوی قەدردا بریتییە لە قورئان خوێندن، قورئان خوێندن ئاکار و دابی سەلەف و پێشنی چاکی ئێمەی بووە، لە فەرموودەدا هاتووە جبریل علیه السلام هەموو ساڵێک لەشەوانی ڕەمەزان جارێک قورئانی پیرۆزی بەسەر پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم دا دەخوێندەوە، ئەو ساڵەی وەفاتی کرد دوو جار بەسەریدا خوێندنەوە، وەهەروەها سەلەف و پێشینی ئێمە لەمانگی ڕەمەزان لەخزمەت قورئانی پیرۆز دابوون زیاتر لەمانگەکانی تر، وە هەروەها دەگێڕنەوە لە پێشەوا مالک ڕەحمەتی خوای لێبێت ئەگەر مانگی ڕەمەزان دەهات، کتابەکانی دادەخست، وەهەموو کۆڕێکی زانست و عیلمی وازلێ دەهێنا جگە لەجلیسی قورئان خوێندن و دراسە کردنی قورئان نەبێت.
دووەم: زیندووە کردنەوەی شەوەکان: زیندووە کردنەوەی شەوەکانی قەدر و بەخەبەر بوون تیایدا، هەروەها خۆ سەرقاڵ کردن بە عیبادەت یادی خوای گەورە، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لەم دە شەوەدا شەوەکانی زیندوو دەکردەوە بە عیبادەت کردن، وە هەروەها خێزانەکانی بەخەبەر دەهێنا بۆ نوێژکردن و عیبادەت کردن، لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: «مَنْ قَامَ لَيْلَةَ الْقَدْرِ إِيمَانًا وَاحْتِسَابًا غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ» (أخرجه البخاري:1901)، واتە: (هەر کەسێک شەوی قەدر زیندوو بکاتەوە، وە باوەڕی پێی هەبێت و بەئومێدی پاداشتەوە، ئەوا خوای گەورە لەتاوانەکانی پێشووی خۆش دەبێت). 
سێیەم: زۆر زیکر و دوعاکردن: لە مانگی ڕەمەزاندا پاداشتەکان بەچەندین قات دەدرێنەوە، وە پێویستە لەسەر ئێەمەی موسڵمان مانگی ڕەمەزان هەمووی بە غەنیمەت بزانین زۆر زیکر و دوعای تێدا بکەین، بەتایبەت لەم دە شەوەی کۆتایی، بەردەوام سەرقاڵ بین بە زیکر و دوعا کردن، لە فەرموودەیەکدا دایکمان عائیشە خوای گەورە لێی ڕازی بێت پرسیاری کرد لە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ووتی: ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر گەیشتم بە شەوی قەدر چی بڵێم، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرمووی: بڵێ ((اللَّهمَّ إنَّك عفُوٌّ كريمٌ تُحِبُّ العفْوَ، فاعْفُ عنِّي)).
چوارەم: خێر و صەدەقە کردن:  خێر و صەدەقە کردن لە مانگی ڕەمەزان بەگشتی کارێکی باش و موستەحەبە، وە باشترین کاتیش دە شەوی کۆتاییەتی، وە خوای گەورە فەرمووی: [لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ] کەواتە: هەر کردەوەیەکی چاک لەم دە شەوە باشترە لە کردەوەی لە هەزار مانگ.
پێنجەم: ئیعتیکاف کردن: ئیعتیکاف: بریتییە لە مانەوە لە مزگەوت بەمەبەستی عیبادەت کردن، ئیعتیکاف یەکێکە لەو کارە باشانەی کەوا لەم دە شەوەی ڕەمەزان ئەنجام بدرێت، دایکمان عائیشە دەڵێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان ئیعتیکافی دەکرد هەتا وەفاتی کرد، لەپاش وەفاتی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم خێزانەکانی لە مزگەوت ئیعتیکافیان دەکرد. وە هەروەها دایکمان عائیشە دەفەرمووێت: (( كَانَ النَّبيُّ صلى الله عليه وسلم إذَا دَخَلَ العَشْرُ شَدَّ مِئْزَرَه(١)، وأَحْيى لَيْلَهُ، وَأَيْقَظَ أَهْلَهُ)) (رواه البخاري ومسلم) واتە: (پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئەگەر دەگەیشت بە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزانە پشتێنەکەی توند دەکرد، ـ واتە دوور دەکەوتەوە لە خێزانەکان، وە خێزانەکانی بەخەبەر دەهێنا).

لەکۆتاییدا پێویستە ئەم دە شەوە بە فرسەتێک بزانین و لە دەست خۆمانی نەدەین چونکە نازانین دەگەین بە ڕەمەزانێکی تر یاخود نا، داواکارم لە خوای گەورە وامان لێبکات لەم دە شەوەدا بتوانین بە جوانترین شێوە نوێژ و عیبادەت ئەنجام بدەین، وە لێمانی قەبوڵ بکات، بێ بەشمان نەکات لە ئەجر و پاداشتی شەوی قەدر، اللهم آمین.

------------

 (١) بەدوو مانا دێت:
یەکەم: دوور دەکەوتەوە لە جووت بوون لەگەڵ خێزانەکانیدا.
دووەم: پشتێنی توند دەبەست و گورج دەبوو بۆ عیبادەت کردن.

 

 

 


 3651
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی